
بافڵ تاڵەبانی: قوربانیی پیلانگێڕیی
وتارێکی شیکاری لەسەر ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سلێمانی
لەدوای گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی شاری سلێمانی، بۆچوونی جیاواز لەسەر کەسایەتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەریهەڵداوە. هەندێک وەک قوربانیی پیلانگێڕییەک وێنای دەکەن و هەندێکی تر بە ستەمکار و خۆسەپێن ناوی دەبەن. ئەم وتارە هەوڵدەدات بە خوێندنەوەیەکی لۆژیکییانە بۆ هەڵوێستی بافڵ تاڵەبانی بکات و ڕووداوەکان لە دیدگایەکی فراوانترەوە شرۆڤە بکات.
سەرەتا، دەبێت ئەوە دووپات بکەینەوە کە ڕشتنی خوێنی هەر کوردێک بە دەستی براکەی، جێگەی قبوڵ نییە و دەبێت هەمیشە ئیدانە بکرێت. بەڵام بۆ تێگەیشتن لە ڕاستیی ڕووداوەکان، نابێت تەنها لە یەک پەنجەرەوە سەیری وێنەکە بکەین.
پرسیارە بێ وەڵامەکان
کاتێک لایەنێک بانگەشەی خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی دەکات، پرسیاری جددی دروست دەبێت کاتێک دەبینرێت تۆڕی تیرۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دادەمەزرێنێت. ئایا هێزێکی سیاسیی پەرلەمانی کە باوەڕی بە کاری مەدەنییە، چ پێویستییەکی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هەیە؟ ئەم چەکانە لە کوێوە هاتوون و بە چ ڕێگەیەک گەیشتوونەتە دەستیان؟ دروستکردنی پەیوەندیی هەواڵگری لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بەبێ ئاگاداریی دامەزراوە فەرمییەکان، ئایا خزمەت بە بەرژەوەندیی نیشتمانی دەکات یان دەچێتە خانەی خیانەتی نیشتمانییەوە؟
پیلانی کودەتا و هەڕەشە لەسەر ئاسایشی هەرێم
بەپێی زانیارییەکان، ماوەیەک بوو دەنگۆی هەوڵێکی کودەتا لە دژی بافڵ تاڵەبانی لە ئارادابوو. باس لەوە دەکرا کە چەند کەسایەتییەک بە هاوکاریی بەرپرسێکی ئەمنی پێشووی سلێمانی و سەرۆکی “بەرەی گەل”، لە هەوڵی ئەنجامدانی ئەو پیلانەدا بوون. بەڵام مەترسییەکە تەنها ناوخۆیی نەبوو؛ بەپێی زانیارییە ئەمنییەکان، ئەو دوو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی لە ماوەی ڕابردوودا هێرشیان کردە سەر فەرماندەیی و هێزەکانی هاوپەیمانان لە سلێمانی، لەلایەن هەمان تیمەوە هەڵدراون کە لە نێوان لالەزار و هەولێر کاریان دەکرد. ئەمە پیلانەکەی لە ناکۆکیی ناوخۆییەوە گۆڕی بۆ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاسایشی هەرێم و هێزە هاوپەیمانەکان.
دوای ئەوەی دەزگا ئەمنییەکان و سەرۆکی یەکێتی بەم هەوڵە دەزانن، کار بۆ پووچەڵکردنەوەی دەکرێت. بەڵام گرووپەکە پلانی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی لە ڕێگەی تیمی قەناس بەدەستەوە دادەڕێژن. دوای دەستگیرکردنی چەند ئەندامێکیان و دانپێدانانیان، فەرمانی گرتن بۆ لاهور شێخ جەنگی دەردەچێت کە بە سەرپەرشتیاری پیلانەکە دادەنرێت.
بۆچی هێز بەکارهێنرا؟
لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: بۆچی بۆ جێبەجێکردنی فەرمانێکی دادگا، هێزێکی گەورەی سەربازی بە چەکی قورسەوە جوڵێنرا؟ وەڵامەکە پەیوەستە بە سروشتی ئەو کەسەی فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووبوو. کەسێک کە توانای دەستڕاگەیشتنی بە درۆنی بۆمبڕێژکراو، دۆشکە، ئاڕ پی جی و تیمی قەناس بەدەستی هەبێت، ئایا بە دوو ئۆتۆمبێلی پۆلیس خۆی ڕادەست دەکات؟ مامەڵەکردن لەگەڵ کەسایەتییەک کە تۆمەتبارە بە هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکی یەكێک لە گەورەترین حیزبی هەرێم و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی هاوپەیمانان، بێگومان پێویستی بە ڕێوشوێنی ئەمنی توند هەیە. بۆیە بەکارهێنانی هێز بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دادگا و کۆتاییهێنان بە بیری کودەتا و تیرۆر، هەنگاوێکی پێویست بوو.
بێدەنگیی نێودەوڵەتی و پرسیارێک بۆ ڕکابەرەکان
بێدەنگیی قونسوڵخانە و باڵیۆزخانەکانی وڵاتان لەسەر ئەم ڕووداوە، نیشانەی موجامەلەی سیاسیی یەکێتی نییە، بەڵکو بەهۆی بوونی بەڵگەی حاشاهەڵنەگرەوە بووە کە خراوەتە بەردەستیان.
لێرەشەوە پرسیارێکی جددی ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین، کە میدیا زەبەلاحەکانیان خەریکی چەواشەکاری و دروستکردنی ڕای گشتیی دوور لە حەقیقەتن: ئایە ئەگەر لە سنووری هەولێر و دهۆک، لایەنێکی ڕکابەرتان دەستی بە درۆنی بۆمبڕێژکراو و تیمی قەناس بەدەست بگات بۆ تیرۆرکردنی نەک سەرۆکی حیزب، بەڵکو تەنها یەکێک لە جێگرەکانتان، چۆن مامەڵەتان دەکرد و میدیاکانتان چۆن ڕووماڵیان دەکرد؟
گۆڕینی قوربانی بە ستەمکار
ئێستا ڕکابەرە سیاسییەکانی بافڵ تاڵەبانی، لە ڕێگەی میدیاکانیانەوە هەوڵدەدەن وێنەکە پێچەوانە بکەنەوە و لە قوربانییەوە بیکەن بە ستەمکار. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەوەی کرا وەڵامێک بوو بۆ هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە لەسەر ئاسایشی سلێمانی و ژیانی خودی سەرۆکی یەکێتی.
بەرەو سەروەریی یاسا
هیوادارین ئەمە دواین ڕووداوی خوێناوی بێت و کۆتایی بە هەوڵەکانی نائارامکردنی سلێمانی بهێنرێت. پێویستە یاسا سەروەر بێت و هیچ کەسێک، هەر پلە و پۆستێکی هەبێت، لە سەرووی یاساوە نەبێت. دابینکردنی دادپەروەری و سەقامگیری، ئەرکی سەرەکیی دەسەڵاتە و دەبێت هەموو لایەک پابەندی بن.