
حکومەتەکانی سوێد و سووریا رێککەوتن کە ئەو سووریاییانەی لە سوێد تاوانیان کردووە و سزایان بۆ دەرکراوە، بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکەیان. وەزیری کۆچی سوێد دەڵێت، پێکەوە کارکردن لەسەر ئەم پرسە، مەرجێکە لە بەرامبەر ئەو هاوکارییە داراییەی سوێد بۆ سەقامگیریی سووریا پێشکێشی دەکات.
یۆهان فۆرسێل، وەزیری کۆچی سوێد بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، هەر هاووڵاتییەکی سووریایی لە سوێد تاوان بکات، دەبێت دیپۆرت بکرێتەوە.
فۆرسێل ئاماژەی بەوەش کرد، دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانە لەم دۆخەدا زەحمەتە، بۆیە حکومەتی سوێد داوای لە حکومەتی راگوزەری سوووریا کردووە یارمەتیدەر بێت بۆ خێراکردنی پرۆسەی گەڕاندنەوەی کۆچبەران.
ئێستا حکومەتی سوێد لە دەستی هاوپەیمانییەکی راستڕۆی میانڕۆدایە، کە بۆ تێپەڕاندنی سیاسەتەکانی لە پەرلەمان، پشت بە پارتی راستڕۆی تووندڕۆی دیموکراتەکانی سوێد دەبەستێت، ئەمەش وایکردووە بۆ رازیکردنی دڵی ئەو پارتە، سیاسەتی کۆچ لەو وڵاتە تووندتر بکات.
“ئەوانەی تاوان دەکەن نایانەوێ بەشێک بن لە کۆمەڵگەی سوێدی”
بەگوێرەی میدیای سوێد، ئێستا 128 سووریایی لە سوێد هەن کە بەهۆی تاوانەوە بڕیاری دیپۆرتکردنەوەیان بۆ دەرچووە، بەڵام هێشتا لە وڵاتەکە ماون.
وەزیری کۆچی سوێد بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، “بەشێکیان تاوانی زۆر مەترسیداریان کردووە. پرسیاریش لەسەر هەڕەشەی سەر ئاسایشی نیشتمانی هەیە. بە تاوانکردن لە سوێد، ئەو کەسانە بە دەستی خۆیان بڕیاریان داوە کە بەشێک نەبن لە کۆمەڵگەی سوێد، بۆیە دەبێت دیپۆرت بکرێنەوە.”
بە گوێرەی میدیای سوێدی، وەزیری کۆچی ئەو وڵاتە بە حکومەتی راگوزەری سووریای راگەیاندووە، ئەو هاوکارییە داراییەی سوێد و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا پێشکێشی دیمەشقی دەکەن، بۆ ئەوەیە سووریا هەستێتەوە سەر پێی خۆی، بەڵام هاوکات بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی سووریاییەکانە لە دەرەوە و خێراکردنی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەیانە.
سوێد داوای وەرگرتنەوەی پەناخوازان دەکات
فۆرسێل بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، “لەکاتی پێدانی هاوکاریی گەشەپێدان، چاوەڕێی ئەنجام و هاوکاری دەکەین لەو وڵاتەی پارەکەی پێ دەدەین. ئەوەش وەرگرتنەوەی هاووڵاتییانی خۆیان دەگرێتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی تاوانیان کردووە. ئەگەر ئەوە روونەدات، هیچ هاوکارییەکی دیکەی گەشەپێدان نابێت.”
جگە لە تاوانباران، فۆرسێل باسی لە گەڕانەوەی ئەو سووریاییانەش کردووە کە خۆبەخشانە دەگەڕێنەوە و دەتوانن سوودمەند بن لە هاوکاریی دارایی بۆ خەرجیی گەشتەکەیان.
بڕیارە تیمێکی تەکنیکیی سووریا سەردانی سوێد بکات بۆ وردبینی لە دۆسیە تاکەکەسییەکان و یەکلاییکردنەوەی پرسەکانی وەک ناسنامە.
سەبارەت بە کاتی دیپۆرتکردنەوە، حکومەتی سوێد وادەیەکی دیاری نەکردووە، بەو پێیەی دۆخی سووریا هێشتا ناجێگیرە. فۆرسێل دەڵێت، “هەڵسەنگاندنی تاکەکەسی دەکرێ. ئەگەر مەترسی ئەشکەنجەدان لەسەر کەسێک هەبێت، دیپۆرتی ناکەینەوە.”
نزیکەی 200 هەزار سووریایی لە سوێدن
بەگوێرەی نووسینگەی ئاماری سوێد، لە ساڵی 2024ـدا 196 هەزار و 152 کەس لە سوێد دەژیان کە لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان لەدایکبوون.
ژمارەی دانیشتووانی سوێد تاوەکو ئەیلوولی 2025 نزیکەی 10.6 ملیۆن کەس بوو. لە کۆتایی 2024ـدا، 20.8%ـی دانیشتووانی سوێد ئەوانە بوون کە لە دەرەوەی وڵات لەدایکبوون.
37,000 دۆلار بۆ گەڕانەوە
ئاژانسی کۆچی سوێد دەڵێ، لە 1ی کانوونی دووەمی 2026ـەوە بڕی ئەو پارەیە زیاد دەکات کە وەک “پاداشتی گەڕانەوە” دەدرێتە کۆچبەران.
بەپێی بڕیارەکە، هەر کەسێکی پێگەیشتوو بگەڕێتەوە، دەتوانێ 350 هەزار کرۆن (زیاتر لە 37 هەزار دۆلار) وەربگرێ. بۆ منداڵ 25 هەزار کرۆن (زیاتر لە دوو هەزار و 600 دۆلار) تەرخانکراوە. هەر خێزانێکیش دەتوانێ تاوەکو 600 هەزار کرۆن (زیاتر لە 63 هەزار و 500 دۆلار) وەربگرێ.
ماریا میندێمار، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی کۆچی سوێد دەڵێت، “ئامانجەکە ئاسانکارییە بۆ ئەوانەی دەیانەوێ لە وڵاتی خۆیان یان وڵاتێکی دیکە دەست بە ژیان بکەنەوە.”
لە ساڵی 2025، ئاژانسەکە 109 داواکاریی بۆ گەڕانەوە بەدەستگەیشتووە.

