
سەرۆکی زانکۆی شرنەخ بە رووداوی راگەیاند، سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ چوارەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی مەلای جزیری بانگهێشت کراوە، لە شاری جزیرێی سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
رۆژی 28ـی تشرینی دووەمی 2025 لە شارۆچکەی جزیرێی سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، چوارەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی مەلای جزیری دەستپێدەکات. سیمپۆزیۆمەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و چەندین میوان لە نێوخۆ و دەرەوە بانگهێشتکراون.
پرۆفیسۆر دکتۆر عەبدولڕەحیم ئاڵکش، سەرۆکی زانکۆی شرنەخ، رۆژی پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرۆک بارزانی یەکێکە لەو میوانانەی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سیمپۆزیۆمەکە بانگهێشت کراوە و گوتی: “ئێمە لە رێگەی نووسینگەی پەیوەندییەکانی بارەگای بارزانییەوە، سەرۆک بارزانیمان بۆ سیمپۆزیۆمەکە بانگهێشت کردووە و بە ئەگەری 90٪ دێتە جزیرێ و بەشداریی سیمپۆزیۆمەکە دەکات.”
عەبدولڕەحیم ئاڵکش، ئاماژەی بەوەدا، چەندین مامۆستا و ئەکادیمیستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ سیمپۆزیۆمەکە بانگهێشتکراون و لە سیمپۆزیۆمەکەدا گوتارەکانیان پێشکێش دەکەن.
سەرۆکی زانکۆی شرنەخ باسی لەوەش کرد، میوانێکی دیکەی سیمپۆزیۆمەکە مونیر کارائۆغڵو، یاریدەدەری وەزیری ناوخۆی تورکیایە و گوتی، لە ئەکادیمیستەکانەوە تاوەکو رۆشنبیران، لە هونەرمەندانەوە تاوەکو بەڕێوەبەرە خۆجێیەکان، پەرلەمانتاران و سیاسەتڤانان، چەندین کەسایەتی لە سیمپۆزیۆمەکەدا ئامادە دەبن.
بەرنامەکە لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی هۆتێل دەدەمانی جزیرێ ساز دەکرێت و بەشداربووان بۆ ماوەی دوو رۆژ لە سیمپۆزیۆمەکەدا بە پانێل، گفتوگۆ و گوتارەکانیان باسی کەسایەتی و شاعیری ناوداری کورد، مەلای جزیری دەکەن کە لە مێژووی کورددا خاوەن پێگەیەکی گرنگە.
مەلای جزیری کێیە؟
مەلای جزیری، زانا و شاعیری کورد لە ساڵی 1570 لەدایکبووە و لە ساڵی 1640 کۆچی دوایی کردووە. مەلای جزیری کە ناوی راستەقینەی مەلا ئەحمەدە و وەکو هەموو زانا و ناودارانی کوردی ئەو سەردەمە، لە بنەماڵەیەکی ئایینیدا گەورە بووە.
سەرەتا لەلای باوکی خوێندوویەتی، دواتر لە چەندین شوێنی وەکو ئامەد، جۆلەمێرگ و حەسکیف درێژەی بە خوێندن داوە.
مۆڵەتی مەلایەتیی لە مەلا تەهای ئامەد وەرگرتووە. ماوەیەکی درێژ لە گوندی سربای ئامەد مەلایەتی و مامۆستایەتیی کردووە. دوای حەسکیف و سریا، هاتووەتە جزیرێ و تاوەکو کۆتایی تەمەنی لە جزیرێ ماوەتەوە. راوێژکاریی میری بۆتان بووە
لە بەرهەمەکانی مەلا ئەحمەدی جزیری، بەناوبانگترینیان “دیوان” ـەکەیەتی.
مەلا ئەحمەدی جزیری، بە “پیری عەشق” ناسراوە. شیعرەکانی دەربارەی خۆشەویستی تاوەکو ماوەیەک لەمەوبەریش لە ماڵە کورداندا دەگوترانەوە. جگە لەوانە، هەر بەشێکی دیوانەکەی لەخۆیدا زانستێکە؛ لە مێژووەوە تاوەکو فەلسەفە، لە دڕندایەتیی جەنگیز و تەیمورلەنگەوە تاوەکو تیۆریی ئیقلیدس و ئیستۆقۆسی یۆنانی. لە ئەستێرەناسییەوە تاوەکو جووڵەی زەوی و باسی زۆر شتی دیکەی هاوشێوە دەکات.
دیوانی مەلای جزیری، لە بواری زمانی کوردیدا گەنجینەیەکی زۆر دەوڵەمەندە. مەلا لە شیعرەکانیدا هەندێک وشەی فارسی، عەرەبی و چەند وشەیەکی تورکیشی بەکارهێناوە. لەو خاڵەدا جیاوازیی هەیە لەگەڵ شاعیرانی وەکو فەقێی تەیران و شێخ ئەحمەدی خانی. بەگوێرەی ئەوان، وشەی بیانیی زۆر زیاتر بەکارهێناوە. سەرەڕای ئەمەش، بە زمانێکی دەوڵەمەند و میللی شیعرەکانی نووسیوە. لە شیعرەکانیدا زۆر پەندی پێشینان، ئیدیۆم و دەربڕینی کوردی هەن.
مەلای جزیری، نزیکەی 1500 وشەی نووسیوە و وشەکانی زۆربەیان کوردین. نزیکەی 600-700 وشەی عەرەبی و فارسی لە شیعرەکانیدا هەن.
دیوانی مەلای جزیری بە گشتی 140 شیعرە. لەو شیعرانە نزیکەی 80 غەزەل، 13 قەسیدە، 12 مورەبع، 1 موخەممەس، 1 تەخمیس، 1 موستەزاد، 2 موئەششەر، 27 بەندی موسەلسەلن کە ئەمانە تەرجیعبەند و تەرکیب بەندن، 16 چوارین و 2 تاکە و 2 بەراوردکاریی تێدایە.
مەلای جزیری، لە شیعرەکانیدا وەکو شاعیرانی دیوان نازناوی بۆ خۆی بەکارهێناوە، لەوانە مەلا و نیشانی.
دەربارەی کۆچی دوایی مەلای جزیری بۆچوونی جیاواز هەن. هەندێک دەڵێن لە تەمەنی شەست و شەش ساڵیدا و هەندێکیش دەڵێن لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە. گۆڕەکەی ئێستا لە جزیرەیە، لە مەدرەسەی سوور.




